کرماشان؛ دەستبەسەرکرانی پووریا و شوجاع مینەتی دوو برای پەیڕەوی ئایینی یارسان

٢٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٢:٠٠

هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

پووریا مینەتی مەنجێق تەپە و شوجاع مینەتی مەنجێق تەپە، دوو برای کورد، پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان بە شێوەی بڕیاری کراوە بوون، دوای ناسینی خۆیان بە بەندیخانە، جارێکی دیکە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانە پووریا و شوجاع مینەتی، دوو برای بەندکراوی خەڵکی سەحنە، دوای ناسینی ڕۆژانەیان بە بەندیخانەی کانی چەرمووی کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

پووریا و شوجاع مینەتی، پێشتر بە هۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیان بەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەند و لە کەسانی ناسراوی کۆمەڵگەی یارسان لە خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک، سزا درابوون.

ئەم دوو برا، دواتر بە تۆمەتی "تێکدانی شەقامی گشتی" لە ڕێگای ئاژاوە و هەرا و "لێدان و زامدارکردنی بەئەنقەست" لەلایەن لەقی ٢ی دادگای تاوانەکانی کرماشان سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپا.

جێ ئاماژەیە کە، ئەم دوو برا دوای گۆڕینی سزای بەندکرانیان بۆ بڕیاری کراوە، لە مانگەکانی ڕابردوودا لە بەشی بڕیاری کراوەی بەندیخانەی کانی چەرمووی (چشمە سفید) کرماشان خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە