بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی میلاد ناسری، مێرمنداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۷ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
میلاد ناسری، مێرمنداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و خەڵکی شاری بۆکان پاش بانگکران و سەردانی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەو شارە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ١٨ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۶ی مەی ۲۰۲۵)، میلاد ناسری، تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی گوندی کانی ڕەشی بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
میلاد ناسری لەم دواییانەدا لە لایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای هەژدە مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۲ی خەزەڵوەری ۲۷۲۴ (۲۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۴)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و پاش دوو حەفتە بە دانانی بارمتەی ۴۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندی مێرمنداڵانی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرابوو.