بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەحمەد حەسەنزادە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئەحمەد حەسەنزادە هاووڵاتی کوردی و خەڵکی بۆکان لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی تێپەڕکردنی سزای سێ مانگ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترایە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٤ی فێبریوەری ٢٠٢٥) ئەحمەد حەسەنزادە تەمەن ٥٧ ساڵ و باوکی دادخوازی محەممەد حەسەنزادە بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای سێ مانگ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان گواسترایەوە.
ئەحمەد حەسەنزادە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری بۆکان لەلایەن دادوەی مەهدی فەخری بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی هاندانی دووکانداران بۆ بەشداری لە مانگرتن هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو لە کاتی بەرێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئیزنی بەرگری لە خۆی پێنەدرابوو و دۆسیەیەکی دیکەی ئەحمەد حەسەنزادە تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.
ئەحمەد حەسەنزادە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە و لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ ماڵی بنەماڵەکەیان هاوکات لەگەڵ سۆڵماز حەسەنزادە لە ساڵرۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە کورە گیانبەختکردووەکەیان دەستبەسەر کران.
ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر کران.
محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە بۆکان لە حاڵێکدا دەیویست کچێک لە ڕفاندن لەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕزگار بکات، درایە بەر فیشەک و گیانی لەدەست دا.