پیرانشار؛ بانگكران و دەستبەسەركرانی محەممەد محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی

١٦ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٥١

هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

محەممەد محەممەدی (شێخاڵی)، هاووڵاتیی كورد و  خەڵكی شاری پیرانشار و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای دوو ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٦ی مەی ٢٠٢٥)، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، خەڵكی گوندی شیناوای سەر پیرانشار دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاكەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) دوای چوار مانگ لێپرسینەوە و دەستبەسەركران بە دانانی بارمتەی ٢ ملیاری و بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد كرابوو.

محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) ڕۆژی یەكشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)، و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازای، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ یەكێك لە دەستبەسەرگەكانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو لە كۆتاییدا دوای ٤ مانگ دەستبەسەركران لە ڕێكەوتی ١ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی دوو ملیاری و بە شێوەی كاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد كرا.

شایانی باسە كە ناوبراو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای دوو ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەم سزایە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست كرابوویەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە