نەغەدە؛ دەستبەسەرکردنی یووسف کەرامەت بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٨:١٣

هەنگاو؛ هەینی ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

یووسف کەرامەت هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٥ی فێبریوەری ٢٠٢٥)، یووسف (ئیحسان) کەرامەت تەمەن ٢٦ ساڵ، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکان لە نەغەدە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگ سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، یووسف کەرامەت لەم دواییانەدا لە لایەن دادگای شۆڕشی نەغەدە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەر سەپێندراوە. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە، یووسف کەرامەت لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ ماوەی یەک حەوتە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە