بۆكان؛ دەستبەسەركرانی شێركۆ تابناک بەندكراوی سیاسیی پێشووی كورد، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی

هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
شێركۆ تابناک بەندكراوی سیاسیی پێشووی كورد و خەڵكی بۆكان بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای چوار مانگ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، شێركۆ تابناک ، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی بۆكان دوای بانگكرانی بۆ ناوەندی جێبەجێكرانی سزاكانی بۆكان بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای چوار مانگ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواسترایەوە.
هەنگاو زانیویەتی كە، شێركۆ تابناک لەم دواییانەدا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی دووی بۆكان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حكوومەت" بە هۆی هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لە ئۆتۆمبێلەكەیدا، سزای چوار مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپاوە.
ئەم هاووڵاتییە كۆتاییەكانی سەرماوەزی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە بۆكان دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەكی كاتی لە بەندیخانە ئازاد كرا.
شێركۆ تابناك تابناک ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ دەستبەسەر و دواتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان سزای یەك ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا و لە ڕێكەوتی هەینی ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ دوای تێپڕاندنی ماوەی سزاكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد كرا.