خۆڕەماوا؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی محەممەدرەزا ڕەزایی کەنکەت
هەنگاو؛ شەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەدرەزا ڕەزایی کەنکەت، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی نورابادی دولفان بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆڕەماوا جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەدرەزا ڕەزایی کەنکەت، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری نووراوای دولفان سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆڕەماوا جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو لە ساڵی ٢٧١٩ کاتێک تەنیا تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە سێدارە مەحکووم کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە. لە دوای ئەم کارە، بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەگەریی سزاکەی و هەڵوەشاندنەوەی، لە بەردەم باڵەخانەی دادگا و بەندیخانەی خۆڕەماوا پشتیوانی و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا بوو.
هەواڵی سێدارەدانی ئەم بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.