جێبەجێکردنی سزای سێدارەی فایەق ئەحمەدی بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری

٢ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢٣:٢٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی کرماشان و دانیشتووی مازەندەران بە ناوی فایەق ئەحمەدی کە پێشتر لەسەر تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی فایەق ئەحمەدی هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، فایەق ئەحمەدی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سارییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆیی ئێران و ناوەندە فەرمییەکانی دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە