جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سەلمان کاکەخانی، بەندکراوی خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۶
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری بانە بەناوی سەلمان کاکەخانی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا. بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە و کۆچی دوایی پێشتری هاوژینەکهی، منداڵە تەمەن ۱۲ ساڵانەکەیان ئێستا بێ سەرپەرشتیار ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۱۴ی جولای ۲۰۲۶)، سزای سێدارەی سەلمان کاکەخانی بەندکراوی خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
سەلمان کاکەخانی نزیکەی سێ ساڵ پێش (لە ساڵی ۲۷۲۳) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە هەڵگرتن و ڕاگرتنی ماددەی هۆشبەر لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی تەورێزەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
شایەنی باسە کە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لەحاڵێکدا بووە کە هاوژینی ناوبراو مانگی پێشوو بەهۆی ڕووداوی کارەباگرتنەوە گیانی خۆی لەدەست دابوو. بە لەسێدارەدانی سەلمان کاکەخانی، منداڵی ۱۲ ساڵانی ئەو بنەماڵە دایک و باوکی خۆی لەدەست داوە و ئێستا بێ سەرپەرشتیار ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە کوردە لە میدیا فەرمییەکانی نێوخۆی ئێران و میدیاکانی دەزگای دادوەریدا بڵاو نەکراوەتەوە.