ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر لەسێدارەدانی سێ بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی کورد و تورک لە بەندیخانەکانی شیروان و مەشهەد

١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٢:٥٨

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەی سێ بەندکراو لەوانە هاووڵاتییەکی تورک و هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوەکانی نەسروڵڵا خودادادی، فەرەیدوون وارەستە و محەممەد ئیبراهیمی لە بەندیخانەکانی شیروان سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور و مەشهەد ناوەندی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی فەرەیدوون وارەستە، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی تورک و خەڵکی شیروان کە باوکی کچێکی تەمەن ٦ ساڵان بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیروان جێبەجێ کرا. ناوبراو دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان (١٤ی ژوئەن)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شیروان بە ناوی نەسروڵڵا خودادادی تەمەن ٣٦ ساڵ، بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەی ناوەندیی شیروان جێبەجێ کراوە. ناوبراو سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو.

هەر لەو ڕۆژەدا، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئەمین ڕەجەبیان بە تۆمەتی کوشتن لە بەندیخانەی شیرواندا جێبەجێ کرابوو، کە هەواڵەکەی پێشتر لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو کراوەتەوە.

لە بەردەوامیی شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانەشدا، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، سزای سێدارەی محەممەد ئیبراهیمی، بەندکراوی خەڵکی مەشهەد، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا (بەندیخانەی وەکیڵ ئاوا) جێبەجێ کراوە. ناوبراو چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و بە سێدارە مەحکووم کرابوو.

تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران و سەرچاوە فەرمییەکانی دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە