دەستبەسەرکرانی خالید ئەحمەدی ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان لە کوردستان

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٢٨

هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

خالید ئەحمەدی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان _ لقی سنە و بەڕێوەبەری هەڵبژاردنەکانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ئەنجوومەنە چەند کاتژمێر پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خالید ئەحمەدی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و لە چالاکانی ژینگەپارێزیی ئەو شارە و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دەستبەسەرکرانی خالید ئەحمەدی لەحاڵێکدا بووە کە ناوبراو بەڕێوەبەری هەڵبژاردنەکانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بووە کە بڕیار بووە ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچێت.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ خالید ئەحمەدی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بەبێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە