دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد لە کامێران

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٤٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

لانی کەم ١٠ چالاکی کورد کە ناسنامەی شەش کەسیان بۆ هەنگاو بە ناوەکانی فەریدە وەیسی، حەمید سەوزە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانی ئاشکرا کراوە لە دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بەڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی دوانیمەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٤ی جولای ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان بردووەتە سەر ڕێستۆرانتی «کوێستان» لە جادەی نێوان سنە بۆ کامێران و لانی کەم ١٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزییان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی شەش کەس لەو کەسانەی دەستبەسەر کراون بە ناوەکانی فەریدە وەیسی خەڵکی پاوە، حەمید سەوزە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی لە مامۆستایانی قوتابخانە و ئامانج قوربانی خەڵکی کامێران بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و ناسنامەی کەسانی دیکەی دەستبەسەرکراو بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەم کەسانە لە دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی چالاکی ژینگەپارێزی کورد کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، لە ڕێستۆرانی کوێستان دەستبەسەر کراون.

ئامانج قوربانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە