بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی یووسف ئەمینی مامۆستای خانەنشینکراوی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
مامۆستایەکی خانەنشینکراو و چالاکی پیشەیی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوی یووسف ئەمینی، تەمەن ٥٠ ساڵ لە ئەنجامی هێرشی شەوانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی تایبەتیی یووسف ئەمینی مامۆستای خانەنشینکراو لە گەڕەکی «عەلیئاوا»ی بۆکان و ناوبراویان دەسبەسەرکردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە یووسف ئەمینی پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و دواتر دەستبەسەر کرابوو؛ ناوبراو لە کاتی ڕێوڕەسمێکی هاوسەرگیریدا، تەنیا بە هۆی لەبەرکردنی جلی کوردیی خاکی هاوشێوە و هاوڕەنگ لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە ئامادەبووان، دەستبەسەر کرابوو و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا خانەنشینکراوە و هەروەها دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، هیچ جۆرە زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەبەردەستدا نییە.