ڕوانسەر؛ دەستبەسەرکرانی خەلیل پەڕەندەک، شەهاب سولەیمانی و ئیدریس گوڵ محەممەدی لەلایان هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنی و گوشار بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان لە کوردستان، سێ هاووڵاتیی کورد و لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی خەلیل پەڕەندەک، شەهاب سولەیمانی لە پارێزەرانی دادگوستەری و ئیدریس گوڵ محەممەدی لەلایان هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەریی باوەڕپێکراو،بە شیوەی هاوکات ئەم سێ چالاکە ناسراوەیان لە شاری ڕوانسەر دەسبەسەرکرد.
جێگەی ئاماژەیە کە، خەلیل پەڕەندەک چالاکوانی مەدەنی، ژینگەپارێز و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانە و پێشتر لەلایان هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. شەهاب سولەیمانیش لە پارێزەرانی دادگوستەری و چالاکوانانی مەدەنی و ئیدریس گوڵ محەممەدی چالاکوانی ژینگەپارێز و مەدەنییە.
دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەدا، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕوانسەر بێئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە کە ئەمە بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووس و تەندروستی ئەو سێ بەندکراوە.