کامێران؛ ئاشکرابوونی ناسنامەی هەشت کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەستبەسەرکراو
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
لانی کەم ١٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کورد کە ناسنامەی هەشت کەسیان بە ناوەکانی خەلیل پەرەندەک، یاسر نووری، فەریدە وەیسی، حەمید سەبزه، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانی ئاشکرا کراوە، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٤ی جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر چێشتخانەی "کوهستان" لە جادەی نێوان سنە و کامێران و لانی کەم ١٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزییان دەستبەسەر کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەئارادایە.
ناسنامەی هەشت کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بە ناوەکانی خەلیل پەرەندەک خەڵکی ڕوانسەر و لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی ژینگەی "چرۆ"، یاسر نووری لە چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی جوانڕۆ، فەریدە وەیسی و حەمید سەبزه لە چالاکانی ژینگەپارێزیی ژیوای و هەردووکیان خەڵکی شاری پاوە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان و ئامانج قوربانی هەر چواریان خەڵکی شاری کامێران بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەوانی دیکەش بەدواداچوون دەکرێت.
ئەو چەند کەسە دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی کورد کە بەرەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ئەنجامی سووتانیدا گیانی لەدەست دابوو و لەحاڵێکدا کە لەو چێشتخانەیە خەریکی پشوودان بوون، دەستبەسەر کراون. شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "هێزە ئەمنییەکان کە چەکی کۆڵتی کەمەری و کڵاشینکۆفیان پێ بووە لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە، لێیانیانداوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە."
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی زێدەکەی خۆی "نەجەفئاوا" و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٦ هەزار کەس بەڕێوە چوو. خەڵک لەو ڕێوڕەسمەدا دروشمی "شەهید نامرێ" و "کاک ئیسماعیل قارەمانە، شەهیدی کوردستانە"یان کوتەوە.
ئامانج قوربانی و یاسر نووری ساڵانی ڕابردووش چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تەنانەت بەند کراون.