ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر قوربانییانی مین لە ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٣٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ڕۆژی ٤ی ئەپریلی هەر ساڵ، لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی زانیاری ڕاگەیاندن لەسەر مەترسییەکانی ئەو ناوچانەی کە مین تەقەمەنی پووچەڵنەکراوەی شەڕی لێ بەجێ ماوە، وەکوو «ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین» نێو نراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەو مەبەستە ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانییانی مین لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣ هەتا ٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤) ئامادە کردووە کە نیشان دەدا لانی کەم ٥٢ هاووڵاتی لەو ماوەیەدا لە ئێران بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین.

تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردووەوە لەلایەن سوپای پاسداران چێندراون، بەردەوام لە ئێران قوربانی لێ دەبێتەوە. زیاتر لە ١٧٪ی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوو (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣ تا ٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤) ژنان و منداڵان و ٥٧.٥٪ لە هاووڵاتییانی کورد بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی کارنەکردوو و بەجێماوی دیکەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران کوژراون و ٣٩ هاووڵاتی دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاتر لە ٦٧٪ی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیەدا تۆمار کراون کە ٣٠ کەس لەوان هاووڵاتییانی کورد و ٥ کەسیان لە پەنابەرانی ئەفغانستانی بوون.

هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٧ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ و ٢ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی. ٤ منداڵ لە شارەکانی سنە (٢ حاڵەت)، بانە و مێهران، دوو منداڵ لە شاری بۆستانی خووزستان و یەک منداڵ لە سەراوانی سیستان و بەلووچستان قوربانی بوون. لە شارەکانی بۆستان و مێهرانیش دوو ژن بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

 

جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاترین قوربانییانی مین لە سنوورەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوون کە ١٣ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. ٤ ئەندامی سوپای پاسداران و ٧ سووتەمەنیبەر کە ٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە هاووڵاتی خەڵکی ئەفغانستان بوون. لە پارێزگای ئیلامیش ١٢ کەس قوربانی مین تۆمار کراون کە ٥ کەسیان لە پەنابەرانی ئەفغانستان بوون.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١٣ حاڵەت بریتی لە (٦ کوژراو و ٧ بریندار)
پارێزگای ئیلام: ١٢ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ٩ بریندار)
پارێزگای کرماشان: ١١ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ٨ بریندار)
پارێزگای سنە: ١٠ حاڵەت بریتی لە (١٠ بریندار)
پارێزگای خووزستان: ٤ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ٣ بریندار)
پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ بریندار)

 

جیاکردنەوەی قوربانییانی مین بەپێی چینی کۆمەڵایەتی

زیاترین قوربانییانی مین لە ساڵی ڕابردوو لە هاووڵاتییانی مەدەنی بوون کە ١٩ حاڵەت تۆمار کراوە، هەروەها ١٨ کرێکار و کۆڵبەریش قوربانی تەقینەوەی مین بوون.

هاووڵاتییانی مەدەنی: ١٩ حاڵەت بریتی لە (٥ کوژراو و ١٤ بریندار)
کرێکار (کۆڵبەر، سووتەمەنیبەر، ئاژەڵدار): ١٨ حاڵەت بریتی لە (٧ کوژراو و ١١ بریندار)
نیزامی: ٥ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ٤ بریندار)

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، بێجگە لەو مینانەی کە لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەجێ ماون، دەرکەوتووە کە حکومەتی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان و بەلووچستانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، مینی نوێی لەو سنوورانەدا چاندووە. ژمارەی ڕوو لە زۆربوونی قوربانییانی مین لە پارێزگاکانی سنە و ئورمیە و سیستان و بەلووچستان یەک لە بەرهەمەکانی ئەو سیاسەتە ئەمنییەیە.

هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییە ئاسایییەکاندا کەڵکوەرگرتن لە مینی چێندراو بەتەواوی قەدەغە نەکراوە بەڵام هەندێک بەربەست بۆ کەمترکردنەوەی ئاسەوارەکانی پێشبینیکراوە. بۆ نموونە لایەنەکانی شەڕ دەبێت نەخشەی کێڵگەکانی مین ڕاگرن و لە دوای گرژییەکان، مینە چێندراوەکان لەو گۆڕەپانانە بەمەبەستی پاڵپشتی لە خەڵکی سڤیل پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا لەو بارەیەدا دەوڵەتەکانی پێبەندکردووە کە لە بەرهەمهێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینی دژە نەفەر ڕێگری بکەن کە بەداخەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە هەتا ئێستاش لە ئێران تەقینەوەی مین قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەو کۆنوانسیۆنە پاشکۆ نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە