ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافی ژنان لە ئێران لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶
لەم ڕاپۆرتە ئامارییە کە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ ئامادە کراوە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ۹ ژن، دەستبەسەرکرانی پێنج هەزار ژن (ئاشکراکردنی ناسنامەی ۳۶۸ ژن)، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ۳ چالاکی ژن و سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ۴۶ چالاکی ژنی دیکە، لانی کەم ۴۵ حاڵەتی ژنکوژی، کوشتنی حکومەتیی دوو ژن بەهۆی دڵخۆشی دەربڕین لە ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی خامنەیی، گیانلەدەستدانی پێنج ژنی گەریلا و پێشمەرگە و هەروەها کوژرانی لانی کەم ۲۵۰ ژن لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۹ ژن لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ی زایینی، سزای سێدارەی لانی کەم ۹ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. لانی کەم ۵ ژنی لەسێدارەدراو، تورک بوون.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی تۆمەتەکانیان؛
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۷ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۲ حاڵەت
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی ۳ ژن لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، سزای سێدارەی ۲ ژن لە هەر یەک لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئیسفەهان و قەزوین و سزای سێدارەی ۱ ژن لە هەر یەک لە بەندیخانەی پارێزگاکانی زەنجان و ئەردەبیل جێبەجێ کراوە.
سەپاندنی سزای بەندکران، لێدانی قامچی و سێدارە بەسەر چالاکانی ژندا
لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۴۶ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان، بەندکران، لێدانی قامچی و بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو؛
ـ لانی کەم چوار چالاکی ژن بەناوەکانی مریەم هۆداوەند، ئەرغەوان فەلاحی، مەهناز چەهاردەولی و بیتا هیمەتی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای بیتا هیمەتی هەڵوەشێندراوەتەوە و ناوبراو چاوەڕێی سزای نوێی دادوەری دەکات.
سێ کەس لەو ژنانە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبارن و هەموویان لە لایەن لقی ۲۶ و ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۴۴ چالاکی ژن سەرجەم سزای ۲۱۱ ساڵ و ۵ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۳ چالاکی ژن سەرجەم سزای لێدانی ۱۷۹ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۴ چالاکی ژن سەرجەم سزای ۱۴ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.
ئاشکراکردنی ناسنامەی ۳۶۸ ژنی دەستبەسەرکراو لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶
هەنگاو بە پشتبەستن بە ئامار و بەڵگەنامەکانی لە ناوەندی ئاماری ئەو ڕێکخراوە، دەستبەسەرکرانی پێنج هەزار ژن لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بەتایبەت لە کاتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و شەڕی ۴۰ ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، تەنیا ناسنامەی ۳۶۸ ژنی بە تەواوی بۆ ئاشکرا کراوە.
زانیاریی زیاتر لەسەر ۳۶۸ ژنی دەستبەسەرکراو؛
ـ لانی کەم ۲۹ ژنی بەهایی دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۷۰ ژنی کورد دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۵۰ ژنی لوڕ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۹ ژنی گیلەک دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۲ ژنی بەلووچ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۱ ژنی تورک دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۹ خوێندکاری زانکۆی ژن دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۸ مامۆستای قوتابخانەی ژن دەستبەسەر کراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، بێجگە لەو ۳۶۸ ژنە، دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۲۳ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرایە، تۆمار کراوە.
تۆمارکردنی ۴۵ حاڵەتی ژنکوژی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶
بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەگانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶، کوژرانی لانی کەم ۴۵ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. لەو ژمارە، ۵ حاڵەت واتا ۱۱٪ی کۆی حاڵەتەکان بە پاساوی ئەوەی بە پاراستنی "نامووس" ناو دەبردرێت، ڕوویان داوە.
زانیاریی زیاتر؛
ـ لانی کەم ۲ ژنی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
ـ لانی کەم ۵ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس کوژراون.
ـ زیاترین حاڵەتەکانی ژنکوژی بە ۲۷ حاڵەتەوە بەهۆی کێشەی خێزانی تۆمار کراون.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای تاران: ۱۶ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۶ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئورمیە و خووزستان: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد، گیلان، لوڕستان، مازەندەران، کرمان، سنە، گوڵستان، قەزوین، سمنان، خوراسانی باکوور، چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئیسفەهان و ئەلبۆرز: هەر یەک ۱ حاڵەت
زۆربەی ئەو ژنکوژییانە لە لایەن نزیکترین کەسانی قوربانییان بریتی لە هاوژین، هاوژینی پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیان ئەنجام دراوە و ئەوە ڕەوتێکی نەگۆڕ و بەردەوام لە پەیوەندی لەگەڵ زۆرینەی ژنکوژییەکاندایە.
کوژرانی دوو ژن لە ڕەوتی دەربڕینی دڵخۆشی پاش ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی دڵخۆشی دەربڕینی خەڵک لە شەقامەکانی ئێران دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، هێزە حکومەتییەکان خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و چەند هاووڵاتی کوژراون.
ئاهوو قەڵەندەری خەڵکی خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان و فائیزە ئەفشاری خەڵکی سەمیرەم سەر بە پارێزگای ئیسفەهان ئەو دوو ژنە بوون کە لە ڕێکەوتی ۹ و ۱۰ی مانگی ڕەشەممە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و لە ئەنجامی دەربڕینی دڵخۆشیی خۆیان لە کوژرانی عەلی خامنەیی کوژراون.
گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگە و گەریلای ژن لە ئەنجامی بۆردوومان و هێرشی چەکداریدا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی هێرشی دڕۆن و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان لەنێو خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لانی کەم سێ ژنی پێشمەرگە گیانیان لەدەست داوە کە ناوەکانیان بەو شێوە بووە؛
۱ـ غەزال مەولان خەڵکی مەهاباد و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ڕێکەوتی ۱۴ی ئەپریلی ۲۰۲۶.
۲ـ نێدا میری خەڵکی سنە، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ۱۷ی ئەپریلی ۲۰۲۶.
۳ـ سەمیرا ئەڵڵایاری خەڵکی دیواندەرە، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ۱۷ی ئەپریلی ۲۰۲۶.
هەروەها دوو گەریلای «ی ر ک»، لقی سەربازیی پژاک بەناوەکانی پەرەستوو سەفاییپوور خەڵکی مەریوان و زارین ئاکباش خەڵکی باکووری کوردستان لە ڕێکەوتی ۲۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۶ لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەروبەری شاری مەهاباد گیانیان لەدەست دا.
کوژرانی ۲۵۰ ژن لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەگانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، لانی کەم ۲۵۰ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژراون. هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی تەواوی ۲۰۶ کەسیان ئاشکرا بکات.
هەروەها بێجگە لەو ۲۵۰ ژنە لانی کەم ۲۵ کچی خوار تەمەن ۱۸ ساڵ کوژراون کە ناسنامەی ۱۹ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
زۆرترین ڕێژەی کوژرانی ژنان لەو پارێزگایانەدا تۆمار کراوە؛
ـ پارێزگای تاران: ۶۱ ژن
ـ پارێزگای ئیسفەهان: ۲۹ ژن
ـ پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۴ ژن
ـ پارێزگای گیلان: ۲۳ ژن
ـ پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۲ ژن
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو؛
ـ لانی کەم ۲۲ خوێندکاری زانکۆی ژن لە ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار کوژراون.
ـ لانی کەم ۲ مامۆستای قوتابخانەی ژن لە ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار کوژراون.
ـ لانی کەم ۷ دوکتۆر، پەرەستار و کادری دەرمانی ژن کوژراون.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی دەستبەسەرکرانی بەرفراوان و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ژناندا، باری هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئێران بە جێی نیگەرانی لێکدەداتەوە.