ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ دا
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا، ئاماژەی بە قەبارە بەربڵاوەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە کە بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو ئامادە کراوە، وێنەیەک لە زۆربوونی ڕێژەی لەسێدارەدران، دەستبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، توندوتیژیی ڕێکخراوانە و حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە تەواوی ئێران دەخاتە ڕوو.
بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۵دا:
۱۸۵۸ بەندکراو لەسێدارە دراون.
۷۴ هاووڵاتیی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.
۵۹ بەندکراو لە بەندیخانەکان گیانیان لەدەست داوە.
۴۶ هاووڵاتی قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان بوون.
۱۵۵۲ هاووڵاتی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە دەستبەسەر کراون.
۲۴ چالاکی سیاسی و ناڕازی لەسێدارە دراون.
۴۵۴ چالاکی سیاسی سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
۲۰۷ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژراون.
کوژرانی ئەندامێکی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکان و شرۆڤەیەکی کورت لەسەر بارودۆخی ئەو چینە لە کۆمەڵگا لە وڵاتی ئێراندا
وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر هەر یەک لە بابەتەکان لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە.
لەسێدارەدانی لانی کەم ۱۸۵۸ بەندکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا سزای سێدارەی ۱۸۵۸ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۴ زیاتر لە ۱۰۰٪ زیادی کردووە. ساڵی ڕابردوو ۹۰۹ بەندکراو لە ئێران لەسێدارە درابوون.
گرینگ لەسەر ئاماری لەسێدارەدران؛
ـ ناسنامەی ۱۷۹۶ بەندکراوی لەسێدارەدراو ئاشکرا کراوە و بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ۶۲ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لانی کەم ۵۵ ژن لەسێدارە دراون.
ـ لانی کەم یەک منداڵی تاوانبار لەسێدارە دراوە.
ـ تەنیا ۷۵ حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان لە میدیا حکومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.
ـ لانی کەم ۸۱ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون.
ـ سزای سێدارەی لانی کەم ۱۱ بەندکراو لە شوێنە گشتیەکاندا جێبەجێ کراوە.
زانیاریی زیاتر لەسەر هۆکاری لەسێدارەدرانی بەندکراوان؛
تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی: ۴۳ بەندکراو
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۹۱۵ بەندکراو
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۸۵۲ بەندکراو
تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ۳۶ بەندکراو
تۆمەتی دزیی چەکدارانە: ۱۲ بەندکراو
تۆمەتباری ئابووری: ۱ بەندکراو
جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان؛
بەندکراوانی کورد: ۲۶۴ بەندکراو
بەندکراوانی لوڕ: ۲۳۹ بەندکراو
بەندکراوانی تورک: ۱۶۴ بەندکراو
بەندکراوانی بەلووچ: ۱۴۲ بەندکراو
بەندکراوانی گیلەک: ۹۲ بەندکراو
بەندکراوانی عەرەب: ۷۳ بەندکراو
بەندکراوانی تورکمان: ۱۳ بەندکراو
بەندکراوانی تات: ۵ بەندکراو
بەندکراوانی قەشقایی: ۲ بەندکراو
ناسنامەی نەتەوەیی ئاشکرانەکراو بۆ هەنگاو: ۲۷۱ بەندکراو
بەندکراوانی فارس: ۵۰۶ بەندکراو
بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۸۵ بەندکراو
کوژرانی ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، کوشتنی هاووڵاتییان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریتی لە (سوپای پاسداران، بەسیج، هێزە ئینتزامییەکان و پۆلیس) بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە و زۆربەی قوربانییان بەهۆی کەشی ئەمنیلە ئێران ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کوژراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون کە ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۴۶ حاڵەت واتا ۱۶۴٪ زۆرتر بووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛
ـ لانی کەم ۵۹.۵٪ی هاووڵاتییانی سڤیلی کوژراو واتا ۴۴ کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچ بوون.
ـ هەروەها لانی کەم ۱۵ هاووڵاتی (۲۰٪) لە هاووڵاتییانی کورد بوون.
ـ لانی کەم ۶ ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.
ـ لانی کەم ۳ منداڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم بەشەدا دێت؛
یووسف شەهلیبۆر تەمەن ۵ ساڵ خەڵکی ئێرانشار
ڕەها شێخی تەمەن ۴ ساڵ خەڵکی خومەین
زۆڵفەقار شەریفی تەمەن ۷ ساڵ خەڵکی حۆوەیزە
شایەنی باسە کە، لانی کەم ۴۰ کەس لەو هاووڵاتییانە لە ماوەی ۴۰ ڕۆژ دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە ئاکامی میلیتاریزەکردنی شارەکان و بەتایبەت دانانی خاڵی پشکنین لە ڕێگای چوونەژوورەوەی شارەکان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە کوژراون کە بەرانبەر بە ۵۵٪ی کۆی حاڵەتەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ بووە.
بارودۆخی بەندیخانەکان: گیانبەختکردنی لانی کەم ۵۹ بەندکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۵۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۳۷ حاڵەت بەرانبەر بە ۱۶۸٪ بەرز بووەتەوە.
پوختەیەک لە ئامار؛
ـ لانی کەم ۷ بەندکراو بریتی لە ۳ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
ـ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو ۳۴ بەندکراو بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.
ـ لانی کەم ۱۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ـ لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۳ بەندکراوی کورد و ۲ بەندکراوی عەرەب گیانیان لەدەست داوە.
بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو:
ـ لانی کەم ۲۱ بەندکراوی گیانبەختکردوو بریتی لە ۳۵.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لە بەندکراوانی کورد بوون.
ـ ۸ بەندکراوی بەلووچ، ۴ بەندکراوی گیلەک، ۴ بەندکراوی عەرەب و ۲ بەندکراوی لوڕ گیانیان لەدەست داوە.
ـ لانی کەم دوو هاووڵاتیی بیانی خەڵکی وڵاتانی سویس و ئەفغانستان گیانیان لەدەست داوە.
ـ لانی کەم ۱۳ کەس لە بەندکراوان، فارس بوون و زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ۵ بەندکراو لەبەر دەستدا نییە.
ئاشکراکردنی ناسنامەی ۱۵۵۲ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۱۵۵۲ هاووڵاتی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە بە هۆکاری سیاسی، کولتووری، مەدەنی و مەزهەبی دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.
جیاکردنەوەی دەستبەسەرکراوان بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان؛
لە سەرجەم ۱۵۵۲ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە لانی کەم ۷۲۹ حاڵەت واتا ۴۷٪ی کۆی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون.
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۲۹ هاووڵاتیی کورد
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۷۲ هاووڵاتیی فارس
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۵۶ هاووڵاتیی بەلووچ
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۹ هاووڵاتیی لوڕ
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۴ هاووڵاتیی عەرەب
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵۵ هاووڵاتیی تورک
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۳۳ هاووڵاتیی گیلەک
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۱۵ هاووڵاتیی بیانی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵ هاووڵاتیی سیستانی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۴ هاووڵاتیی قەشقایی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲ هاووڵاتیی تورکمان
ـ زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی ۲۹ هاووڵاتی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەکراوە.
دەستبەسەرکرانی منداڵان؛
لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۴۸ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زیاتر لە ۹۸٪یان لە منداڵانی کورد، بەلووچ و لوڕ بوون. سێ منداڵی دەستبەسەرکراو کچ (۳ کچی کورد) و ۴۵ منداڵ، کوڕ بوون.
منداڵانی کورد: ۲۵ حاڵەت واتا ۵۲٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو.
منداڵانی بەلووچ: ۱۸ حاڵەت واتا ۳۷.۵٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو.
منداڵانی لوڕ: ۴ حاڵەت واتا ۸.۵٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو.
منداڵانی عەرەب: ۱ حاڵەت واتا ۲٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو.
زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی ۱۶۷ ژن؛
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۱۶۷ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون کە ۱۰.۵٪ی کۆی دەستبەسەرکرانەکانی ئەو ساڵە پێکدێنن.
ـ لانی کەم ۵۱ ژنی بەهایی دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۴۱ ژنی کورد دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۴ ژنی گیلەک دەستبەسەر کراون.
زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی ۱۷۷ چالاکی کەمینە ئایینییەکان؛
لە ساڵی ۲۰۲۵ لانی کەم ۱۷۷ کەس بەهۆی چالاکی ئایینی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی و سوننەمەزهەب بوون.
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۸۲ چالاکی بەهایی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵۸ چالاکی سوننەمەزهەب
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۱ چالاکی پەیڕەوی ڕەوتی یەمانی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۸ نوێباوەڕی مەسیحی
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵ چالاکی پەیڕەوی ئایینی یارسان
ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۳ مامۆستای شیعەمەزهەبی ناڕازی
زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی چالاکانی پیشەیی و هونەرمەندان و پارێزەران؛
ـ لانی کەم ۴۱ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۹ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۱۴ پارێزەر دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۲۱ چالاکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۴۵ هونەرمەند و نووسەر دەستبەسەر کراون.
قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۴۶ هاووڵاتی لە ئێران قوربانیی تەقینەوەی مین یان ماددە تەقەمەنییەکان بوون. ئەو مینانە بریتی لە بەجێماوی تەقەمەنییەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و مینە چێندراوەکانی سوپای پاسداران و هەروەها ماددە تەقەمەنییە کارنەکردووەکانی کاتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلن. ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۵۷ کەس قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.
لەو کەسانە:
۲۰ کەس گیانیان لەدەست داوە.
۲۶ کەس بریندار بوون یان ئەندامێکی جەستەیان بڕدراوەتەوە.
۲۳ کەس واتا ۵۰٪ی قوربانییان، لە هاووڵاتییانی ژن و منداڵان بوون.
زانیاریی زیاتر لەسەر قوربانییان:
ـ لانی کەم ۱۸ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ قوربانی بوون کە ۵ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
ـ لانی کەم ۵ ژن بریتی لە ۳ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ قوربانی بوون.
ـ لانی کەم ۱۶ هاووڵاتیی کورد قوربانی بوون.
ـ لانی کەم ۱۱ هاووڵاتیی بەلووچ و ۱۰ هاووڵاتیی لوڕ قوربانی بوون.
ـ لانی کەم ۳ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و ۳ هاووڵاتیی عەرەب قوربانی بوون.
ئەم ئامارە درێژەی مەترسیی مین و ماددە تەقەمەنییەکان لەسەر هاووڵاتییان، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە گەشەپێنەدراوەکان نیشان دەدات.
سەپاندنی سزای قورس: لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی
لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۴۵۴ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. زیاتر لە ۴۹٪ی ئەو چالاکانەی دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە (۲۱۹ حاڵەت)، لە چالاکانی کورد بوون.
لانی کەم ۳۰ کەس لەو چالاکانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای ۶ کەسیان لە لایەن دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشێندراوەتەوە و سزای دوو کەسیان جێبەجێ کراوە.
لە نێوان ئەو ۲۶ کەسەی کە تا ئێستاش لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەڕوون:
۵ کەس گیلەک
۵ کەس کورد
۳ کەس بەلووچ
۳ کەس عەرەب
۲ کەس تورک
و ۳ کەس فارسن.
سێ ژنی بەندکراو بەناوەکانی نەسیم ئیسلامزەهی هاووڵاتیی بەلووچ، زەهرا شەهباز تەبەری هاووڵاتیی گیلەک و شەریفە محەممەدی هاووڵاتیی تورک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەگەرچی سزای سێدارەی شەریفە محەممەدی ڕەت کراوەتەوە و بۆ ۳۰ ساڵ بەندکران گۆڕاوە، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوەی دیکە تا ئێستاش لە ئارادایە.
سەرەڕای ئەوە:
ئەو ۴۵۴ چالاکە سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییە سزای بەندکران، لێدانی قامچی و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو چالاکانە سەرجەم:
سزای ۱۷۶۶ ساڵ و ۱۱ ڕۆژ بەندکران،
۳۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو
و ۱۱ کەسیان سزای لێدانی سەرجەم ۷۲۸ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
سەپاندنی سزا بەسەر کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکاندا؛
ـ لانی کەم ۲۱۹ چالاکی کورد سەرجەم سزای ۵۸۰ ساڵ و ۱۱ مانگ و ۲۱ ڕۆژ بەندکران، ۲۹ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ۱۸۸ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها ۱۰ چالاکی کورد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای سێدارەی ۵ کەسیان ڕەت کراوەتەوە و لە چاوەڕوانی بۆ سەپاندنی سزای نوێدان.
ـ لانی کەم ۳۱ چالاکی تورک سەرجەم سزای ۱۵۸ ساڵ بەندکران و ۲ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۲۴ چالاکی لوڕ سزای ۱۰۳ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و یەک کەس سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۱۹ چالاکی عەرەب سەرجەم سزای ۱۷۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و ۳ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۱۱ چالاکی گیلەک سزای ۱۸ ساڵ و ۸ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکران و ۵ چالاکی گیلەک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۶ چالاکی بەلووچ سزای ۲۶ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران و ۳ چالاک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو بابەتە؛
ـ دوو منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و بەلووچ سەرجەم سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۷۸ ژن سەرجەم سزای ۳۵۴ ساڵ و ۱۰ مانگ و ۱۲ ڕۆژ بەندکران، ۹ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ۲۵۲ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و ۲ ژن سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۱۲ چالاکی میدیایی سزای ۲۶ ساڵ و ۶ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان؛
ـ لانی کەم ۱۵ نوێباوەری مەسیحی سەرجەم سزای ۱۳۹ ساڵ و ۲ مانگ بەندکران و لێدانی ۱۷۴ زەربەی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۲۹ چالاکی بەهایی سەرجەم سزای ۱۴۲ ساڵ و ۲ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ـ لانی کەم ۲۹ چالاکی سوننەمەزهەب سەرجەم سزای ۹۲ ساڵ و ۵ مانگ بەندکران، ۹ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و هەروەها ۳ چالاک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
کوژران و برینداربوونی ۵۹ کۆڵبەر لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا لانی کەم ۵۹ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان، سنە و ئورمیە قوربانی بوون. ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۲۸۰ حاڵەت واتا ۸۲.۵٪ کەم بووەتەوە. لە ساڵی ۲۰۲۴ لانی کەم ۳۳۹ کۆڵبەر و کاسبکار کوژرابوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ۲۵ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون کە ۴۲.۵٪ی کۆی ئامارەکان بوون و لانی کەم ۳۴ کۆڵبەریش بریندار کراون.
لانی کەم ۴۹ حاڵەت بەرانبەر بە ۸۳٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کوژراون یان بریندار کراون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قوربانی بوون. ۴ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی سروشتی و ۳ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین قوربانی بوون. ۳ کۆڵبەری دیکە بە ڕووداوی هاتووچۆ، وەستانی دڵ و لێدان و کوتان لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە قوربانی بوون.
زانیاریی زیاتر؛
ـ لانی کەم دوو منداڵی کۆڵبەری تەمەن ۱۷ ساڵ لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بریندار کراون.
ـ زیاترین ژمارەی کۆڵبەران لە سنوورەکانی شاری بانە قوربانی بوون کە لە ۲۳ حاڵەتدا تۆمار کراوە.
ـ زیاترین کۆڵبەران لە سنوورەکانی پارێزگای سنە قوربانی بوون کە ۴۳ حاڵەت واتا ۷۳٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن.
کوژرانی ۲۰٧ ژن لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵
بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا، کوژرانی لانی کەم ۲۰٧ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. لەو ژمارە ۳۱ ژن (۱۴.۵٪) بە پاساوی ئەوەی بە "پاراستنی نامووس" ناو دەبردرێت، کوژراون.
زانیاریی زیاتر؛
ـ لانی کەم ۱۳ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون.
ـ لانی کەم ۱۰ ژن بەهۆی داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
ـ لانی کەم ۱۰ ژنی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
ـ لانی کەم ۷ ژنی قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ کوژران.
پێڕستی پارێزگاکانی خاوەن زیاترین ئاماری ژنکوژی:
تاران: ۳۲ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران، کرماشان، خوراسانی ڕەزەوی و ئورمیە: هەر یەک ۱۴ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، فارس و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ۱۱ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان و لوڕستان: هەر یەک ۱۰ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی خووزستان و ئەلبۆرز: هەر یەک ۶ حاڵەت
کوژرانی زۆربەی ئەو ژنانە لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان، وەکوو هاوژین، هاوژێنی پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکانیانەوە ئەنجام دراوە.
تۆمارکردنی ئەم ئامارە لەحاڵێکدایە کە بەهۆی یاسا دژەژنانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆنە پیاوسالارەکان و پاساوی پاراستنی نامووس لە نێو کۆمەڵگای ئێران، بەشێکی بەرچاو لە ژنکوژییەکان لە دەستەی «ئاماری نهێنی»دا دەمێننەوە. بە پێی ستانداردە جیهانییەکان، لە هەر جێیەک کە ئامارێکی ناڕوونی دادوەری لە ژنکوژییەکان هەیە، کارەساتێکی گەورەتر ڕووی داوە.
هەروەها لە نەبوونی ڕێوشوێنی یاساییدا، تەنیا ناوەندە سەربەخۆکانن کە دەتوانن ئاماری ژنکوژییەکان تۆمار بکەن. لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران ئەو چەشنە ڕێکخراوانە بوونیان نییە و ئەوە خۆی یەک لە هۆکارەکانی نەبوونی زانیاریی ئاماریی ڕوون لەسەر ژنکوژییەکان لە هەندێک شوێنی ئێرانە.
بارودۆخی کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان:
کۆماری ئیسلامی بۆ پەیوەندی سێکسی نێوان هاوڕەگەزەکان سزای لێدانی قامچی تا لەسێدارەدانی لەبەر چاو گرتووە.
وتاری ڕەگەزیی ئازادانەی ترەنسەکان، لە ڕێگای یاسای حیجابی زۆرەملێ لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا و دیاریکردنی دووانە و لێسەندنەوەی ڕەگەزی لە ئێران، بە تاوان ناسراوە.
نەشتەرگەرییەکانی ناسراو بە «گۆڕینی ڕەگەز» لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی، کە لەڕاستیدا «پشتڕاستکردنەوەی دووبارە و هاوتەریبکردنی ڕەگەزی»یە، لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان مەودایەکی زۆریان هەیە و هێستا لە شێوازی ئەشکەنجەواری ئەم ڕەوتە کەڵک وەردەگیرێت.
هیچ ئامارێکی دروست لەسەر ژمارەی بەندکراوانی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا لەبەر دەستدا نییە.
بارودۆخی بەندکراوانی ترەنسی بەندیخانەی ئێڤین دوای گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەکانی قەرچەک و شاری ڕەی و گەڕانەوە بۆ ئێڤین نادیار ماوەتەوە.
ئامارێکی ڕوون لەسەر کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بەهۆی ویستی سێکسی یان شوناسی ڕەگەزییان لەبەر دەستدا نییە کە ئەوە خۆی نیشاندەری ناڕوونیی دەزگای دادوەریی ئێران و هاوڕایی میدیاکان لەگەڵ ناوەندی بنەماڵەی پیاو/باوک سالار و حکومەت ڕوو دەدات.
هەنگاو توانیویەتی لە ساڵی ۲۰۲۵ بە لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی ترەنسێک لە شیراز، قەبارەی کارەساتی کوشتنی ژنێکی ترەنس بەناوی «سەوگەند پاکدڵ» تۆمار بکات.
دەرەنجام؛
بە پێی ئامار و بەڵگەنامەکان لەسەر پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بارودۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئێستادا و بەتایبەت دوای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە ناجێگیر دەزانێت.
کوشتاری ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵ نە تەنیا زیادی کردووە، بەڵکوو ئامارەکان لە ئاماری چەند دەیەی ڕابردووی ئێرانیش زیاتر بوون. بارودۆخی سەرکوت و چەوساندنەوە سەختتر و وەپاڵدانی تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» زۆرتر بووە.
سەرەڕای ئاماری نهێنی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنکوژییەکان، ئاماری تۆمارکراوی هەنگاو لەو بوارەدا دیسان ڕەوتی زیاتربوونی بەراورد به ساڵانی ڕابردوو نیشان داوە.
هەروەها هەنگاو به لێکدانەوەی وردی زانیاری و ئامارە شاراوەکان، بارودۆخی سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی/پێکهاتەکان، مەزهەبی، ڕەگەزی و سێکسی بە ناجێگیر لێک دەداتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە کۆمەڵگای ئێران و جیهان دەکات کە نە تەنیا ڕێوشوێنی تایبەت بۆ لێکدانەوەی ئاماری سەرسووڕهێنەری لەسێدارەدران و سەرکوت لە ئێران بگرنە پێش، بەڵکوو داوا دەکات بە گرنگیدان بە ڕێکخراوانەبوونی ستەم و سەرکوت لە ئێران دژ بە چین و توێژە جیاوازەکان، تیشک بخەنە سەر بارودۆخی ناهاوسەنگی چەوساندنەوەی کەمینە و گرووپە پەراوێزخراوەکان.