ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران بەبۆنەی ڕۆژی ۲۵ی نۆڤەمبەر
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢۵ی زایینییەوە تا ڕۆژی (٢٥ی نۆڤەمبەر)، لانی کەم ١٧۶ حاڵەتی ژنکوژی، دەستبەسەرکرانی ١۳۶ ژن، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۴۵ ژن، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر دوو چالاکی ژن و هەروەها سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ١۶۳ چالاکی ژن لە ئێراندا تۆمار کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایە کە توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئێران، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا کە ئاپارتایدی ڕەگەزی وەکوو سیاسەتێکی فەرمی بەکار دەهێنێت، گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی. ئەو بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە ئێران لە پێوەری جیهانیی کەلێنی ڕەگەزیدا، بەردەوام لە نزمترین پلەکاندایە.
تۆمارکردنی لانی کەم ۱۷۶ حاڵەتی ژنکوژی
بە پشتبەشتن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیەوە تا ۲۵ی نۆڤەمبەر، لانی کەم ۱۷۶ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە کە لانی کەم ۲۵ حاڵەتیان بە پاساوی پاراستنی نامووس ئەنجام دراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری زیاتری ژنکوژییەکان کە ۹۲ حاڵەت بوون، لە میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران بە «کێشەی خێزانی» ڕاگەیەندراون. بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە ژمارەیەکی بەرچاو لەو ژنانە بە پاساوی پاراستنی نامووس کوژراون بەڵام بنەماڵەکانیان و هەروەها میدیا حکومەتییەکان بە ئەنقەست هۆکاری کوژرانی ئەو ژنانەیان بە کێشەی خێزانی ڕاگەیاندووە. هەنگاو دەستەواژەی «کێشەی خێزانی» بە رێگەچارەیەک بۆ داپۆشان و کەمکردنەوەی ئاستی هەستیارییەکان سەبارەت بە بابەتی ژنکوژی و کوژرانی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف دەزانێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو
لانی کەم ۱۱ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون.
لانی کەم ۹ ژن بەهۆی داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوژینەکەیانەوە کوژراون.
لانی کەم ۱۰ ژنی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
لانی کەم ۶ ژنی قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ کوژراون.
بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاترین حاڵەتەکانی ژنکوژی بە ۲۷ حاڵەتەوە لە پارێزگای تاران تۆمار کراون. لە هەر یەک لە پارێزگاکانی مازەندەران و کرماشان، ۱۴ حاڵەت و لە هەر یەک لە پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و ئورمیە ۱۳ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە.
پاش ئەو پارێزگایانە زیاترین ئاماری ژنکوژی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بە ۱۰ حاڵەت، سیستان و بەلووچستان ۹ حاڵەت، پارێزگاکانی لوڕستان و فارس هەر یەک ۸ حاڵەت و گیلان ۷ حاڵەت تۆمار کراوە.
هەنگاو هۆشداری دەدات کە بەشێکی زۆری ژنکوژییەکان لە ئێران لە دەستەی «ئاماری نهێنی»دان. ئاماری نهێنی بە ئامارێک دەکوترێت کە بە هۆکاری ناڕوونی حکومەتی، میدیایی و هۆکارە لێکگرێدراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی بەرچاو لە ئامار لە هەندێک بابەتی جیاواز و گرینگ دەشاردرێتەوە. بەهۆی شاردنەوەی حکومەتی و سیستەمی یاسایی کە لە ناوەندی بنەماڵەی پیاوسالار لە ئێران بەرگری دەکات، بەشێکی زۆر لە ژنکوژی و کوشتنەکان بەپاساوی پاراستنی نامووس ڕاپۆرت ناکرێن و بەو شێوەیە کە ئامار لەو باسەدا بە «نهێنی» دەمێنێتەوە.
بەپێچەوانەی بیروڕای گشتی، هەبوونی ئامار لە بارودۆخی ژنکوژی هەمووکات بەو مانایە نییە کە ئاماری ژنکوژی لەو ناوچانە زیاترە بەڵکوو بەو مانایە کە حاڵەتی زیاتری ژنکوژییەکان لەو ناوچانە تۆمار کراون. بە پێی بەدواداچوونە ئامارییەکان، ئەو شوێنانەی ئامارێکی ورد لە ژنکوژییەکان لەبەر دەستدا نییە زۆربەی کات کارەساتێک بە نهێنی ڕوو دەدات.
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۴۵ ژن
به پێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینییەوە لانی کەم ۴۵ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی ۲۱ حاڵەت واتا ۸۷.۵٪ زیاتر بووە.
زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بووە کە ۲۹ حاڵەت واتا ۶۴.۵٪ی کۆی گشتی لەسێدارەدرانی ژنان پێکدێنێت. هەروەها ۱۵ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ۱ ژن بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی لەسێدارە دراون.
جیاکردنەوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ژنان بە پێی بەندیخانەی پارێزگاکان
بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس و ئیسفەهان: هەر یەک ۷ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۶ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگاکانی لوڕستان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و زەنجان: هەر یەک ۳ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگاکانی مازەندەران، قەزوین، قوم، سمنان، ئەلبۆرز و ئورمیە: هەر یەک ۲ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگاکانی هەمەدان، گیلان و گوڵستان: هەر یەک ۱ حاڵەت
بە پێی ئامارە جیهانییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو ئەو وڵاتانەدایە کە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنانیان هەیە. نیزامی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا هیچ پاڵپشتییەک لەو ژنانەی قوربانیی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوون و لە ژیانی هاوژینیاندا تووشی توندوتیژیی خێزانی هاتوون ناکات، بەڵکوو بەشێوەی ڕێکخراوانە ژنان دەخاتە نێو دۆخی ئەو چەشنە هاوسەرگیری و توندوتیژییانەوە. بەرگریی ژنان لە خۆیان لەحاڵەتێکدا کە بە ئاستی کوشتنی پیاوانی توندوتیژیکەر لە بنەماڵەکان بگات زۆربەی کات کوشتن و لەسێدارەدانی ژنانی لێ دەکەوێتەوە.
هەروەها لە حاڵەتە پەیوەندیدارەکان بە ئابووری و مادە هۆشبەرەکان ئەوەیکە ئەو ژنانە زۆربەی کاتەکان لە ڕێگای پیاوانی بنەماڵە یان تەنانەت لە ڕێگەی هەڵاتن لە کەشی نائەمنی ماڵەوە بە کێشانی چەک و یان گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان کێشراون هیچ گرنگییەکی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە. هەر بەو هۆیەوە سزای سێدارەی ژنان بە تۆمەتی ناسیاسی زۆربەی کاتەکان پەیوەندیی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی ژنانەوە هەیە.
دەستبەسەرکرانی ۱۳۶ ژن لە ماوەی کەمتر لە ۱۱ مانگ
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی کەمتر لە ۱۱ مانگ لانی کەم ۱۳۶ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
زیاترین ژنانی دەستبەسەرکراو لە چالاکانی ژنی بەهایی پێکهاتوون کە ۴۳ حاڵەت لە دەستبەسەرکرانیان تۆمار کراوە.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا؛
- لانی کەم ۳۶ ژنی کورد دەستبەسەر کراون.
- لانی کەم ۹ ژنی گیلەک دەستبەسەر کراون.
لانی کەم ۶ ژنی لوڕ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ۲ ژنی عەرەب و ۲ ژنی تورک دەستبەسەر کراون.
هەروەها سێ کەس لەو ژنە دەستبەسەرکراوانە تەمەنیان ژێر ۱۸ ساڵ بووە و لە هاووڵاتییانی کورد بوون.
کۆماری ئیسلامی نە تەنیا مافەکانی ژنان زەوت دەکات، بەڵکوو بابەتی یەکسانی ژنان و دیتنی ژنان لە بواری گشتیدا بە سزا ناساندووە و هەر بەو هۆکارەیە کە بەشێوەی بەردەوام چالاکانی ژن دەستبەسەر دەکرێن.
سەپاندنی سزای بەندکران، لەسێدارەدران و لێدانی قامچی بەسەر ۶۵ چالاکی ژندا
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانی کەم ۶۵ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ سزای وەکوو لێدانی قامچی، بەندکران و لەسێدارەدران ڕووبەڕوو کراونەتەوە. دوو کەس لەو ژنانە بەناوەکانی نەسیمە ئیسلامزێهی و زەهرا شەهباز تەبەری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها ۴۳ ژن سەرجەم سزای ۲۵۵ ساڵ و ۷ مانگ و ۱۲ ڕۆژ بەندکران و هەروەها ۶ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.
دوو ژن بێجگە لە سزای بەندکران سەرجەم سزای لێدانی ۲۵۲ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
نزیکەی یەک لە سێی ئەو ژنانەی لەگەڵ سزای دادوەری دادگاکانی ئێران ڕووبەڕوو بوونەتەوە لە چالاکانی ژنی بەهایی بوون کە ۲۰ کەس لەوان سەرجەم سزای ۸۳ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها لانی کەم ۸ چالاکی ژنی گیلەک و ۵ چالاکی ژنی کورد سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»دا هەڵسەنگێنێت و لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندیی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.