هەورام مێهرنەوایی جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٣:٢٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

هەورام مێهرنەوایی لاوی تەمەن ٢١ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هەورام مێهرنەوایی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی هەورام مێهرنەوایی بە هۆکاری «بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز» لە شاری بۆکان بووە.

هەورام مێهرنەوایی، دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو بەردەست نییە.

ئەم لاوە، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری ئەم شارە» بە ٤٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.

هەورام مێهرنەوایی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣) بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە و لە کۆتایدا لە ژێر چاودێریدا بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لە مەودایەکی دیاریکراو لە شاری بۆکان، ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە