بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی موحسین ڕەسووڵزادە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

١٤ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٥٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

موحسین ڕەسووڵزادە لە چالاکانی مەدەنی کورد و خەڵکی شاری بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیشدا دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣١ی مارسی ٢٠٢٤)، موحسین ڕەسووڵزادە، هاوولاتی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان دەستبەسەر کراوە.

شایەنی باسە کە موحسین ڕەسووڵزادە، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە