نەعیم لەشکەری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
نەعیم لەشکەری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بیجاڕ، بەندکراوی بەندیخانەی تارانی گەورە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەعیم لەشکەری، تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی بیجاڕ، لەلایەن لقی ۲۸ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم هاووڵاتییە ۱۳ی بەفرانباری ۲۷۲۵ کاتێک بۆ سەفەرێکی چەند ڕۆژە بەرەو تاران بەڕێکەوتبوو، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە گواسترایەوە.
نەعیم لەشکەری پێشتر لە ساڵی ۲۷۲۴یش بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەڕاندنی هەشت مانگ، لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی ۲۲ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لەژێر ئەشکەنجەی تونددا تووشی شکان و برینداربوون ببوو و بۆ نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی بیجاڕ گواسترابووەوە. هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو "بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە لاپەڕەی تایبەتیی ئینستاگرام" ڕاگەیەندرابوو.
نەعیم لەشکەری پێشتریش، لە ۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و لە گەرمەی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.