دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار، بۆکان و ئیلام
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرهاد ئیبراهیمزادە، قادر باریکی، جەعفەر باریکی، هەورام مێهرنەوایی، ئەمیرحوسێن ڕۆستەمیمێهر و ئاوات بایزیدی لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، پیرانشار و ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشی هاوکات بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندەکانی سەر بە شاری شنۆ، سێ هاووڵاتی لەوانە دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد ئیبراهیمزادە خەڵکی گوندی کانیڕەش و قادر باریکی و جەعفەر باریکی هەردووکیان خەڵکی گوندی قەڵاتیان دەستبەسەر کردووە.
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، ئەم سێ هاووڵاتییە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتنیان خۆیان بواردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردان، هەورام مێهرنەوایی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی بۆکان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە، هۆرام مێهرنەوایی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە لە مەرەخەسی بەندیخانە بووە. دوای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دووبارە و خۆسەرانەی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و بەردەوامیی بێئاگایی، نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستیی ئەم بەندکراوە سیاسییە زیاد کردووە. ناوبراو لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیشدا دەستبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی «ئەمیرحوسێن ڕۆستەمیمێهر» خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سەرباری سەردانی بەردەوام و ڕۆژانەی بنەماڵەی ڕۆستەمیمێهر بۆ ناوەندە دادوەری و حکومییەکانی ئیلام، تا ئێستا وەڵامێکی ڕوون لەسەر شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و ناوەندی دەستبەسەرکەری ناوبراو نەدراوەتەوە.
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورددا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشار گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی ئاوات بایزیدی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی یان بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە و چارەنووسی نادیارە.