دەستبەسەرکردنی مەنسوور کەربەلایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی میاندواو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠ ساڵ بەندکران
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦
مەنسوور کەربەلایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی کورد و خەڵکی میاندواو کە پێشتر سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکردنی بە سەردا سەپابوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، مەنسوور کەربەلایی، تەمەن ٣٠ ساڵ، و خەڵکی گوندی «سەرچنار»ی سەر بە ساری میاندواو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا، بۆ دادگا گواستراوەتەوە و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ڕادەستی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کراوە.
مەنسوور کەربەلایی لە خەزەڵوەری ٢٧٢٥دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی قازی ئەحەد سیامی بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکردنی مەحکووم کرابوو.
لە هەمان دۆسیەی هاوبەشدا، کاوێس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم بە تۆمەتی «بەغی» بە سێدارە (بە شێوەی یابی) و ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی یووسف مام قادری، هێمن مام قادری، سالار بایزیدی ئازەر، حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەید ڕەحیمی هەرکامیان بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکردن مەحکووم کرابوون.
ئەم هاووڵاتییانە لە پوشپەڕی ٢٧٢٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیه گواسترابوونەوە. ناوبراوان لە ماوەی قۆناغەکانی لێپرسینەوەدا بۆ سەپاندنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی دژواردا بوون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون. مەنسوور کەربەلایی دواتر بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.