سنە: تاریق ڕەحیمپوور سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:٥٠

هەنگاو؛ هەینی ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

تاریق ڕەحیمپوور هاووڵاتی کورد و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵە، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەربە شاری سنە و دانیشتووی ئەم شارە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەری دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" و "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان" بە ٣ ساڵ بەندکران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تاکوو ئێستا هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی تاریق ڕەحیم پوور، وەک مۆبایلی نەگەڕاندۆتەوە.

بنەماڵەی تاریق ڕەحیمپوور لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بێبەش بوون و ئەم هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجە دابووە.

تاریق ڕەحیمپوور، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، بە هێرشکردنی ١٢ ئەندامی ئیدارەی ئیتلاعات و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە دووکانی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی تاکوو کۆتایی هاتنی دادگایەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەوە ناوەندی شاری سنە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە