ئیلام: د. بەختیار محەممەدزادە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر کرا

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٠:٥٧

هەنگاو: شەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دکتۆر بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکان لە ئیلام بانگ کراوە، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە. ناوبراو یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، د. بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتییەکی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دوو جار دەستبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، جارێکی دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە.

د. بەختیار محەممەدزادە لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، پاش نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاکردنەکەی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە بەر لە دەسبەسەرکردنی، لە شاری دەڕەشار بەڕێوەبەری دەرمانخانەیەک بووە و ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، پاش بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، دیسان دەستبەسەر کرایەوە.

د. بەختیار محەممەدزادە دواجار لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی"، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە