دێلۆران؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
حوسێن باپیروەند (عاشووری) و فەرشاد ئایینی دوو هاووڵاتی خەڵکی دێلۆران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوون و هەر کام بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوون، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەیان دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە ٢٧٢٤ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، حوسێن باپیروەند (عاشوری) و فەرشاد ئایینی دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری دێلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای بانگکرانیان بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی ئیلام دەستبەسەر کران و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزایەکەیان کە دوو ساڵ بەندکرانە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترانەوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (جەنیوەری) ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" هەر یەکە بە دوو ساڵ بەندکران سزا درابوون.
ئەم دوو هاووڵاتییە شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣) لە دێلۆران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرا بوون و دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئیلام گواسترانەوە.
حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای بانگکرانیان بۆ دادگای دێلۆران جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوون.