ئابدانان، دەستبەسەرکرانی محەممەد دانیاڵی، چالاکی فەرهەنگیی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٢:٥٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

محەممەد دانیاڵی، چالاکی فەرهەنگیی کورد و لە ئەندامی گرووپی شاخەوانیی  "بنار ئابدانان" خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە شاری ئیلام، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی گواستراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٥ی ماڕسی ٢٠٢٥)، محەممەد دانیاڵی، تەمەن ٢٤ساڵە و خەڵکی ئابدانان بە مەبەستی جێبەجێکرانی ٢ساڵ بەندکران لە دێلوڕان دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئیلام گواستراوە.

محەممەد دانیاڵی پێشتر بە تۆمەتی "کۆبونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی" بە کۆی گشتی دوو ساڵ بەندکرانی بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو یەکشەممە ٢٤ی گوڵانی ٢٧٢٣، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی کار لە ئابدانان بۆ شاری دێولڕان چوبوو؛ لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام گواسترابۆوە.

محەممەد دانیاڵی لە کۆتاییدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕی (١٣ی جوڵای ٢٠٢٣)، بە دانانی بارمتەی پێنج میلیاڕد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا.

شایەنی باسە کە، محەممەد دانیاڵی  لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دەستنەگەیشتن بە دۆسیەکەی و تاشینی قژی بۆ ماوەیەک لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە