دەستبەسەرکردنی ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانەکانی ئاودانان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی

١٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٠٤

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

مامۆستایەکی قوتابخانە بە ناوی ئەحمەد عەلیزادە و خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢٧ مانگ بەندکردن، جارێکی دیکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای قوتابخانە، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری ئاودانان دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارەوە بانگ کرابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

ئەم مامۆستایە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "شێواندن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی"، سزای ٢٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای زیاتری بەسەردا سەپاوە وەکوو دوو ساڵ دوورخستنەوەی لە مامۆستایەتی، دوو ساڵ دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بۆ شاری فەنووج لە بەلووچستان و ساڵێک قەدەغەبوونی چالاکی کردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەحمەد عەلیزادە ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ پاش ئەوەی لەلایەن خانەی دادی شاری ئاودانان بانگ کرابوو، ماوەیەک دەستبەسەر کرا.

شایانی باسە کە ناوبراو لە کۆتایییەکانی مانگی خەرمانان و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە شاری ئاودانان دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە