پیرانشار؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی فەرەیدوون نەبی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٨:١٧

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤

فەرەیدوون نەبی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی سزاکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بەمە بستی جێبەجێکرانی سزای ٩٥مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢ی ژانویەی ٢٠٢٥)، فەرەیدوون نەبی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بەمە بستی جێبەجێکرانی سزای ٧ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ٢٧٢٣ دوای ٢٨٦ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی پێنج ملیاری و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو. ناوبراو ماوەی ٦٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و ٧ مانگ و ١١ ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕاندبوو.

فەرەیدوون نەبی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەمیر ئۆجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٤٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپ" سزای ٣٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت" سزای ٨ مانگ و سەرجەم سزای ٨٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان ٤٣ مانگی ئەم سزایە دەبێ بۆ ناوبراو جێبەجێ بکرێت.

هەروەها، لەبارەی دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو" بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "بێڕێزی بە خامنەیی" بە سزای ٦ مانگ بەندکران و پێبژاردنی دوو و نیو ملیۆن پارەی نەقدی مەحکووم کرابوو.

شایانی باسە کە، فەرەیدوون نەبی لە ماوەی لێپرسینەوە و دەستبەسەرییەکەی لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافە سەرەتاییەکانی دیکە بێبەش کرابوو.

فەرەیدوون نەبی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان بە جێگای ڕادەستبوونی فەرەیدوون نەبی، برا گەورەکەی بە دیل گیرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە