مەترسیی ڕادەستکردنەوەی دوو پەنابەری سیاسی کورد لە وڵاتی سوێد بۆ ئێران

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٢٩

هەنگاو؛ شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

مەترسیی ڕادەستکردنەوەی خوشک و برایەکی پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی نەرگس هاشمی و ئیدریس هاشمی، لە وڵاتی سوێد بۆ ئێران لە ئارادایە. ئەو دوو پەنابەرە کە پێشینەی چالاکی سیاسی و کولتوورییان هەیە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەیان لەگەڵ سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا ڕووبەڕوو دەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا، دوای ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەری دوو چالاکی مەدەنی و سیاسیی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی نەرگس و ئیدریس هاشمی، لەلایەن ئیدارەی پەنابەری سوێدەوە، مەترسیی ڕادەستکردنەوەی ئەو دوو پەنابەرە بۆ ئێران هاتووەتە ئاراوە.

پێش ئەوەش، ئیدریس و نەرگس هاشمی، بەهۆی چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانیانەوە لەژێر بەدواداچوونی دەزگا ئەمنی و دادوەریییەکانی کۆماری ئیسلامی داندرابوون و ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بەمەبەستی وەرگرتنی پەنابەری ڕۆیشتنە وڵاتی سوێد و هەر لەو ساڵەدا داواکاری پەنابەرییەکەیان ڕەت کراوە.

دۆسیەی ئەو خوشک و برا دوای چەند ساڵ ناڕوونی جارێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا، بە ڕەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن ئیدارەی پەنابەری سوێدەوە ئێستا لەگەڵ مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

نەرگس هاشمی و ئیدریس هاشمی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و هەروەها لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە کۆبوونەوەکانی دەرەوەی ئێراندا چالاک بوون. ئەوان لە سەرجەم ڕێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن کە لە هەر ڕێگایەکەوە کە بۆیان دەکرێت، بۆ پێشگرتن بە ڕادەستکردنەوەیان هەوڵ بدەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی نەرگس و ئیدریس هاشمی بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجەدان و سەپاندنی هەر چەشنە سزایەکی نامرۆڤانەی دیکە بەسەریاندا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، داوای سەرنجدانی خێرای ڕێکخراوە و ناوەندە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ناوەندەکانی پاڵپشتی لە مافی پەنابەران دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە