بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی پوویا قوبادی، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٤:٤٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

پوویا قوبادی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی زیاتر لە چل ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەربوونی، هێشتا لە بەندیخانەی ئێڤین چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پوویا قوبادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٤ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەربوونەکەی لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات، چارەنووسی ناڕوونە و لەو ماوەیەدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣، لە شاری چالدێران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ماکۆ گواسترایەوە و دواتر واتە ١١ی ڕەشەممە، بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

پوویا قوبادی مانگی گوڵانی ساڵی ٢٧١٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران سزای ١٨ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ نیکشاری سیستان و بەلووچستان بەسەردا سەپێندرابوو کە لەئاکامدا بەهاری ئەو ساڵە بەر لێبوردنی گشتی کەوت و لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ پوویا قوبادی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە