کۆیەشت؛ ئەمیرحوسێن فەلاحی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
ئەمیرحوسێن فەلاحی، گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە بەفرانباری ٢٧٢٥ی خەڵکی شاری کۆیەشت لە پارێزگای لوڕستان، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیوشتوو بە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای دادگای سەرەتاییی ئەمیرحوسێن فەلاحی ٥ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ دوورخستنەوە (نەفی بەلد) بۆ شاری جاسک لە پارێزگای هورمزگان بووە کە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بۆ ١٨ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە. سزای دادگای سەرەتایی لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆیەشتەوە دەرچووبوو.
شایانی باسە کە ئەمیرحوسێن فەلاحی هاووڵاتیی کورد ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١١ی جەنیوەریی ٢٠٢٦) لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەرکردن، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، ٣١ ڕۆژی لە گرتنگەی/بەندیخانەی پارسیلۆنی خورڕاماوا و ڕۆژانی دیکەی ماوەی دەستبەسەرکردنی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی خورڕاماوا تێپەڕاندووە. ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.