ڕاپۆرتێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٨:٣٢

هەنگاو: دووشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی عەلیمحەممەد ئەحمەدی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١١ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە ناوی عەلیمحەممەد ئەحمەدی، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٢٧٢١ بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ​​خزمەکانی خۆی دەستبەسەر کراوە و لە هەمان ساڵدا لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە هەر لەو ڕۆژەدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی مەیسەم حەبیبی، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایە بەسەردا سەپابوو، لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کرا.

سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی ٣ مانگ لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە تێپەڕ دەبێت و تەنانەت تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵەش، هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراو لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە