جێبەجێکردنی سزای سێدارەی خەسرەو ئەحەدی و خەلیل پەناهی لە بەندیخانەکانی کرماشان و سمنان
هەنگاو؛ شەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی دوو بەندکراو لەوانە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوەکانی خەسرەو ئەحەدی و خەلیل پەناهی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی کرماشان و سمنان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی خەسرەو ئەحەدی تەمەن ٢٧ ساڵ ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، خەسرەو ئەحەدی نزیکەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
لەلایەکی دیکەوە و هەر ئەو ڕۆژە، سزای سێدارەی خەلیل پەناهی هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵی دانیشتووی سمنان لەسەر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست جێبەجێ کراوە. ناوبراو سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆیی ئێران و ناوەندە فەرمییەکانی دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.