جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەکانی ماهشەهر و کرماشان

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٠:٤٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۶

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی کورد بەناوی عەباس زارعی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) و هاووڵاتییەکی عەرەب بەناوی ئیبراهیم موەدەتزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ماهشەهر جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو، سێشەممە ۱۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۶ (۹ی ژۆئەنی ۲۰۲۶)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی عەباس زارعی لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا. عەباس زارعی، خێزاندار و خەڵکی گوندی «سرێن» سەر بە فیرووزاوای شاری کرماشان بوو. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۶، سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەب بەناوی ئیبراهیم موەدەتزادە لە بەندیخانەی شاری ماهشەهر سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا. ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە هەمان تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەباس زارعی و ئیبراهیم موەدەتزادە لە میدیا نێوخۆییەکانی ئێران و ناوەندە فەرمییە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە