ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو کەسی دیکە لە پێنج بەندکراوی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٦:٠٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی شاباد و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشان کە سزای سێدارەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کراوە، ناسنامەی سێ کەس لە پێنج بەندکراوی لەسێدارەدراو لەو بەندیخانەیە ئاشکرا کراوە. پێشتر ناسنامەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی شەهرام چنانی خەڵکی کرماشان ئاشکرا کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۴ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی گوندی کەمەرزەردی شاباد و باوکی یەک منداڵ، و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی کرماشان بەناوی شەهرام چنانی لە هەمان ڕۆژ لەو بەندیخانەدا ڕاگەیاندبوو کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی هەمان ڕاپۆرت، سەرجەم سزای پێنج بەندکراو لە هەمان ڕۆژدا لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە کە تا ئێستا بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو کەسیان بەدواداچوون دەکرێت.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە