جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندكراو لە بەندیخانەكانی كرماشان، قەزوین، ئەهواز و ڕەشت

هەنگاو؛ هەینی ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی حەوت بەندكراو لەوانە سێ هاووڵاتیی كورد بە ناوەكانی خودایار كەیفەری، محەممەد شامورادی و فەرهوود حوسێنی، هەروەها تالیب ئەحمەدپوور، بەندكراوی عەرەب و سێ بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی سەفەر کەماڵی، عەزیز سداقەت و عەلی موراد ڕەنجبەران لە بەندیخانەكانی ناوەندیی قەزوین، كرماشان، ئەهواز و ڕەشت جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوانە پێشتر بە تۆمەتی “كوشتنی بەئەنقەست” و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٨ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی خودایار كەیفەری، هاووڵاتیی كوردی خەڵكی سەحنە و عەلی موراد ڕەنجبەران، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵكی قەزوین لە بەندیخانەی قەزوین، محەممەد شامورادی، تەمەن ٢٩ ساڵ و فەرهوود حوسێنی، تەمەن ٢٨ ساڵ، كە هەردووكیان خەڵكی كرماشانن لە بەندیخانەی دیزڵاوا و تالیب ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی ئەهواز لە بەندیخانەی سپیداری ئەم شارە و هەرەها سەفەر کەماڵی خەڵکی کەرەج لە بەندیخانەی ناوەندی قوم جێبەجێ كراون.
لەم نێوانەدا، خودایار كەیفەری چوار ساڵ پێش، تالیب ئەحمەدپوور و سەفەر کەماڵی سێ ساڵ پێش و محەممەد شامورادی و فەرهوود حوسێنی، پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها، عەلی موراد ڕەنجبەران چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە كۆتاییدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەكی دیكەوە، سەر لە بەیانی ٦ی جۆزەردان، سزای سێدارەی عەزیز سداقەت، تەمەن نزیك بە ٤٠ ساڵ و خەڵكی گورگان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت جێبەجێ كرا. ناوبراویش سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و لە كۆتاییدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندكراوانە لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی نزیك لە دەزگای دادوەری ڕانگەیێندراوە.