جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی خوڕەمئاوا

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢١:٥٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی حەسەن‌عەلی میرزانیا، خەڵکی شاری ئەلشتەر سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا. جێبەجێکرانی ئەو سزایە لە مانگی ڕەمەزان و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٥ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی حەسەن‌عەلی میرزانیا تەمەن ٣٠ ساڵ بێ مافی دوایین چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (پارسیلۆن) جێبەجێ کرا.

حەسەن‌عەلی میرزانیا سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی دوو برا دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی میرزانیا، کوژرانی ئەو دوو برایە لەلایەن ناوبراو بە ئەنقەست نەبووە و حەسەن‌عەلی بە هەڵە تەقەی لێیان کردووە.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو بەندکراوە تا ئێستا لە هیچ میدیایەکی حکومەتی بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە