بەندیخانەی ئورمیە؛ جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی سەردار قادری، بەندکراوی خەڵکی مەهاباد

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٦:٢٨

 

هەنگاو؛ شەممە ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

سزای لەسێدارەدانی سەردار قادری، بەندکراوی تەمەن ۳۰ ساڵی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست»ی یەکێک لە جاشەکان و فەرماندەکانی بنکەکانی سوپای پاسداران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۵ی جوولای ۲۰۲۶)، سزای لەسێدارەدانی سەردار قادری لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

سەردار قادری لە ڕێکەوتی ۲۰ی بەفرانباری ۲۷۲۱ (۱۰ی ژانویەی ۲۰۲۲) دەستبەسەر کرابوو. بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، کێشەی زەویوزار لەسەر ۵۰۰ مەتر زەوی لە نێوان ناوبراو و ئامۆزاکانیدا بووەتە هۆی تێکهەڵچوونی فیزیکی و برینداربوونی هەردوولا بە چەکی سارد. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، جوامێر ئاریایی (لە فەرماندەکانی بنکەکانی سوپای پاسداران لە مەهاباد و خاڵی ئامۆزاکانی) لەگەڵ چەند هێزێکی بەسیج چوونەتە ناو نەخۆشخانەکەوە و سەردار قادرییان داوەتە بەر لێدان و کوتانی توند کە لە ڕەوتی ئەم تێکهەڵچوونەدا لە نەخۆشخانە، سەردار قادری بە چەقۆ جوامێر ئاریایی کوشتووە.

سەردار قادری دوای دەستبەسەرکران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

تا کاتی داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران یان ئۆرگانەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

 

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە