هەشتا و دوو ڕێکخراو و دامەزراوە ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مەرجدار بکەن بە ڕاگرتنی تەواوی جێبەجێکرانی سزاکانی سێدارە بەهۆی ماددەهۆشبەرەکانەوە

٢٣ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٠٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

لانی کەم ٨٢ ڕێکخراو و ناوەندی مافی مرۆڤی و دامەزراوەی چالاک لە ئاستی ئێران و جیهان یەک لەوان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕوو لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و سزای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایانگەیاندووە کە ئەو ناوەندەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرجدار بە ڕاگرتنی تەواوەتی سزاکانی سێدارە بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە بکات.

لە بەشێک لەو بانگەوازەدا کە دەقەکەی بە تەواوی لەژێرەوە دەهێندرێت هاتووە کە: "ئەگەر تێچووی ئەو لە سێدارەدرانانە بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر نەکەین، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە بدرێن. ئێمە لە تەواوی ناوەندەکان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی سیاسی داوا دەکەین کە لە یەک کەمپەینی جیهانی تایبەتیدا بەمەبەستی ڕاگرتنی لە سێدارەدرانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەشداری بکەن".

بانگەواز بۆ کاردانەوەیەکی هاوبەش بەمەبەستی ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدرانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە

سێدارە یان کوشتنی بە ئەنقەستی حکومەتی گرنگترین ئامێری کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆمەڵگا و پاراستنی هێزی خۆیەتی. دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی «ژن ژیان ئازادی»، کۆماری ئیسلامی بە ڕەوتی جێبەجێکرانی سزای لە سێدارەدرانەکان خێرایییەکی زیاتری بەخشیوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٨٣٤ کەسی لە سێدارە داوە.

کەسانێک کە بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکراون، زیاتر لە نیوەی لە سێدارەدرانەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لەخۆ دەگرن. ٤٧١ لە سێدارەدرانی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان هیچ تێچوویەکی بۆ حکومەت نەبووە.

ئەو کەسانە زۆربەیان لە چینە کەم داهات و پەراوێز خراوانی کۆمەڵگان. ئاماری لە سێدارەدرانی هاووڵاتییانی ناوچە ئیتنیکییەکان، بەتایبەت کوردەکان و بەلووچەکان، بەراورد بە ژمارەیان لە ئێران، زۆر بەرزترە. لە ساڵی ٢٠٢٣ هاووڵاتییانی بەلووچ یەک لە سێی لە سێدارەدرانەکانی ماددەهۆشبەرەکانیان لەخۆ گرتووە.

تۆمەتبارانی سزاکانی ماددەی هۆشبەر بێ پرۆسەیەکی دادگاییکردنی دادگەرانە و بەپێی دانپێدانانی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجە لەلایەن دادگاکانی شۆڕشەوە سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێندرێت و زۆربەی کاتەکان مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێری خۆیان نییە.

لە سێدارەدرانی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان کاردانەوەیەکی گونجاوی نێونەتەوەیی نەبووە و لە سێدارەدرانی ڕۆژانەیان بە بێدەنگی میدیاکانەوە تێپەڕ دەبێت. هەر ئەوە دەبێتە هۆکارێک تا کۆماری ئیسلامی بەراورد بە سێ ساڵ پێشتر بە کەمترین تێچوو لە سێدارەدرانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ١٨ بەرانبەر زیاتر بکات.

لە لایەکی دیکەشەوە «نووسینگەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و سزای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان» کە لە بواری بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هاوکاری دەکات، نە تەنیا هیچ کاردانەوەیەکیان بە هەڵکشانی لە سێدارەدرانەکانی پەیوەندیدار ماددە هۆشبەرەکانەوە نەبووە، بەڵکوو لە ساڵی ڕابردوودا پەیماننامەیەکی نوێی هاوکارییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی واژۆ کردووە. ئەو هاوکارییە بێجگە لە ڕەوایی بەخشین بە سێدارەکانی حکومەت، لە ڕێگای یارمەتی ئابووری و ئامرازی پێویست دەبێتە هۆی لە سێدارەدرانی زیاتر.

ئەگەر تێچووی ئەو لە سێدارەدرانانە بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر نەکەین، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان کەس بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە بدرێن. ئێمە لە تەواوی ناوەندەکان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی سیاسی داوا دەکەین کە لە یەک کەمپەینی جیهانی تایبەتیدا بەمەبەستی ڕاگرتنی سێدارەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەشداری بکەن".

ئامانجی ئەو کەمپەینە دەنگدانەوەیەک سەبارەت بە بێدەنگترین قوربانییانی ماشێنی لەسێدارەدان و تۆقاندنی حکومەتە. ئێمە هەروەها لە «نووسینگەی بەرەنگاربوونەو لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و سزای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان» داوا دەکەین کە هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مەرجدار بکەن بە ڕاگرتنی تەواوی سێدارەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە