ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام
هەنگاو، یەکشەممە ٣ی ڕەشەممە
مالک نیکبەخت خەڵکی مەلەکشایی، یەعقووب محەممەدی مامۆستای خەڵکی ئاودانان، دوو برای خەڵکی ئاسماناوای ئیلام بە ناوەکانی ئەمیرحیسام و ئەمیرحوسێن سۆهرابنیا و سیروس میرناسری خەڵکی ئیلام، لەلایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نێوان ١٢ی ڕێبەندان تا ٢ی ڕەشەممە، پێنج هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو برا لە چوار شاردا دەستبەسەر کراون کە زانیارییەکان بەم شێوەیەیە:
ئاودانان
ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، یەعقووب محەممەدی، هاووڵاتیی کورد و لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردەی شارستانی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاودانان سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی یەعقووب محەممەدی، ناوبراو ئەمڕۆ یەکشەممە ئازاد کراوە.
ئاسماناوا
لە هەمان ڕۆژدا واتە ٢ی ڕەشەممە، ئەمیرحیسام سۆهرابنیا تەمەن١٨ ساڵان و ئەمیرحوسێن سۆهرابنیا تەمەن ٢٢ ساڵ، دوو برای کورد و خەڵکی ئاسماناوای پارێزگای ئیلام، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ئیلام
ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، سیروس میرناسری، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
مەلەکشایی
لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، مالک نیکبەخت تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی سەر بە ئیلام، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.