ئیلام؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنبوونی دکتۆر نەبی ئومیدی و دکتۆر عەلی ئومیدی
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥
دوو برای کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی دکتۆر نەبی ئومیدی، دانشیاری ئابووریی زانکۆی ئیلام و دکتۆر عەلی ئومیدی، چالاکی سیاسی، لە دوو ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، دکتۆر نەبی ئومیدی، دانشیاری ئابووریی زانکۆی ئیلام و براکەی، دکتۆر عەلی ئومیدی لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکیان، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەلگەیەکی دادوەری و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانیان، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی دکتۆر نەبی ئومیدی بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەلگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوک، برا و خزمەکانی و دوای بەرگریی براکەی، دکتۆر عەلی ئومیدی، دەستیان داوەتە لێدان و کوتان و دەستبەسەرکردنی ئەم دوو برایە.
نەبی ئومیدی لە کاتێکدا کە بەهۆی لێدانی هێزە حکومەتییەکانەوە لووت و دەستی شکابوو، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری دکتۆر عەلی و نەبی ئومیدی تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.