سەعید فەڕوخی‌پوور لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە تاران دەستبەسەر کرا

١٤ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٠:٢٧

هەنگاو؛ سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سەعید فەڕوخی‌پوور، باوکی ئەمیر فەڕوخی‌پوور، مێرمنداڵی ناڕازیی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سەعید فەڕوخی‌پوور، باوکی دادخوازی ئەمیر مێهدی فەڕوخی‌پوور، لەسەر گڵکۆی منداڵەکەی لە گۆڕستانی "بەهەشتی زەهرا"ی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو ئەندامە لە بنەماڵە دادخوازەکان دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و شوێنی ڕاگرتنەکەی و بارودۆخی یاسایی ناوبراو ناڕوونە.

ئەمیر مێهدی فەڕوخی‌پوور، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە پارکی لالەی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کرایە ئامانج و ڕۆژێک دواتر گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە