خوڕەماوا؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی نەسرین شاکەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
نەسرین شاکەرەمی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و دایکی نیکا شاکەرەمی لە گیانبخەتکردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای ئامادەبوونی لە بنکەی ناوەندیی ئیتلاعاتی خوڕەماوا ناوەندی پارێزگای لوڕستان بۆ جاری دووەم لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٤ سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، نەسرین شاکەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، دوای ئامادەبوونی لە بنکەی ناوەندیی ئیتلاعاتی خوڕەماوا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەسرین شاکەرەمی لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین جار بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانە مۆبایل، سەردانی بنکەی ناوەندیی ئیتلاعاتی خوڕەماوای کردووە، بەڵام مەئموورەکان کەلوپەلەکانیان ڕادەست نەکردووەتەوە. ئەمڕۆ دیسان دوای ڕۆیشتنی، ناوبراو و خوشکەکەی بە ناوی شەیدا دەستبەسەر کراون کە شەیدا دوای ماوەیەک ئازاد کرا.
نەسرین شاکەرەمی، لە ڕێکەوتی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، دوای ٤٦ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی پێنج میلیاردی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد و هاوکات سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم دایکە دادخوازە، سەرەڕای سەپاندنی یەک ساڵ سزای بەندکران، سزای دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەوە دەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ قەدەغەکردنی مانەوە لە پارێزگای لوڕستان و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکانی بەسەردا سەپێندرا.
پێشتر عەلی ئومیدی، پارێزەری نەسرین شاکەرەمی، تۆمەتەکانی دژی ناوبراوی بە «بێرێزی بە پیرۆزییەکان و بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بەمەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی»، «چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت»، «هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن» و «بێڕێزی بە خامنەیی و خومەینی» ئاشکرا کردبوو.
نەسرین شاکەرەمی، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ لە خوڕەماوای پارێزگای لوڕستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستەبسەر کرابوو.
نیکا شاکەرەمی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی لوڕستان و دانیشتووی تاران لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای دەستبەسەکرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو دوای ٩ ڕۆژ بێ هەواڵی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرابوو.