دیواندەرە؛ جەواد سەواری برای فواد سەواری لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
جەواد سەواری هاووڵاتی کورد و خەڵکی دیواندەرە، برای دادخوازی فواد سەواری یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١٦ی فێبریوەری ٢٠٢٥)، جەواد سەواری، دوای بانگکران و ڕۆیشتنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە دیواندەرە دەستبەسەر کرا.
ئەم برا دادخوازە پێشتر لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێکرابوو کە لە ئەگەری ئامادە نەبوونی لە ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەسەر دەکرێت.
جەواد سەواری، لە خەزەڵوەری ٢٧٢٣ لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکرا بوو، کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی برایەکەی هەڕەشەی لێ کرا بوو.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ جەواد سەواری لەبەر دەستدا نییە.
فواد سەواری لاوی خەڵکی شاری دیواندەرە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتیەکان کوژرا.