کوژرانی دووەمین کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٦ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٥:١٦

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە ناوچە سنوورەییەکانی شاری سەقز بووە هۆی گیانی لەدەستدانی کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ئومێد سەیدی. ناوبراو دووەمین کۆڵبەرە کە لە ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن ئەم هێزانەوە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئومێد سەیدی، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی سنە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "بەستام"، سەر بە شاری سەقز، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و گیانی لەدەستدا.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە، ئەمڕۆ، ٢٦ی خاکەلێوە دوای چەندین کاتژمێر گەڕان لەلایەن خەڵکەوە لە سنووری بەستام دۆزراوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە تەنانەت ئەسپی ئەم کۆڵبەرە بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزە حکوومەتییانە کوژراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی مێهرداد عەبدووڵڵازادە، خەڵکی سەردەشت، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. هەواڵی کوژرانی ناوبراو پێشتر لەلایەن هەنگاوەوە بڵاوکرابووەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە