دەستبەسەرکرانی ئاتنا فرقدانی، هونەرمەند و کارتۆنیست بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە شاری تاران
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
ئاتنا فرقدانی، کارتۆنیستێک کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو و پێشتر سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی قەرچەکی شاریڕەی گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئاتنا فرقدانی، کارتۆنیست و چالاکی مافی منداڵانی دانیشتووی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا.
موحەممەد موقیمی، پارێزەری ئاتنا فەرقدانی لە لاپەڕەی ئیکسەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "ئاتنا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بڕیاری بارمتەدانانی قەبوڵ نەکردووە و لەئاکامدا بۆ بەندیخانەی شاری ڕەی (قەرچەک) گواستراوەتەوە."
شایەنی باسە کە، ئاتنا فرقدانی لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو دوای بانگکران بۆ لقی لێپرسینەوەی خانەی دادی ناوچەی ٣٣ی تاران دەستبەسەر کرابوو.
ئاتنا فرقدانی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٤ دەستبەسەر و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ڕێبەر" سزای ١٢ ساڵ و ٩ مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە لەئاکامدا لە دادگای پێداچوونەوە بۆ سزای ١٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.