مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی سیران عەرەبی، بلاگێری کورد لەلایەن پۆلیسی فەتاوە

١ خەرمانان ٢٧٢٦، ٢٢:٣٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٦

سیران عەرەبی، بلاگێری گەنجی خەڵکی مەهاباد لەلایەن پۆلیسی فەتای ئەم شارەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دادگای مەهاباد گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، سیران عەرەبی لەلایەن پۆلیسی فەتاوە لە مەهاباد دەستبەسەرکرا و لاپەڕەی تایبەتیی ئینستاگرامەکەی بە بڕیاری لایەنە دادوەرییەکان داخراوە.

فەرماندەی ئینتیزامیی مەهاباد لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەستبەسەرکردنی ئەم بلاگەرە گەنجە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێکی تێکەڵ لە سووکایەتی و گاڵتەکردن بە «محەممەدی مامڵێ» هونەرمەندی ناوداری کورد بووە کە پەرچەکرداری لایەنگرانی ئەم هونەرمەندەی لێ کەوتووەتەوە.

بە ئیددعای ناوبراو دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی فەتا و بە بڕیاری تایبەت ئەنجام دراوە.

شایانی باسە کە ئەم بلاگێره پێش دەستبەسەرکردنی بە بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە و خەڵک کردبوو و پۆستەکەی سڕیوەتەوە.

دەستبەسەرکردنی سیران عەرەبی، داخرانی لاپەڕە تایبەتییەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری لەگەڵیدا لە دوای بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی جێی کێشە، لە پاڵ گوشار و پەرچەکردارە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە ناوبراو، نیشاندەری بەرتەسکبوونەوەی مافی ئازادیی دەربڕینە لە دوو ئاستی کۆمەڵایەتی و حکوومەتیدا. مافی ئازادیی دەربڕین مافی هەر کەسێکە بۆ دەربڕینی ڕا، تەنانەت ڕوانگە جێی باس یان بەرەوڕووی ڕەخنەکراوەکان، بەبێ کەوتنە بەر هەڕەشە، ترساندن یان سزادانی ناهاوسەنگ. بەرپرسیارەتیی پشتیوانیکردن لەم مافە لەسەر شانی دەوڵەتە و پەرچەکردارە توندە کۆمەڵایەتییەکانیش نابێ ببنە هۆی هەڕەشە یان سەرکوتکردنی کەسێک بە هۆی دەربڕینی ڕای خۆی. لە هەمان کاتدا، کەم و کورتییە یاساییەکان لەسەر ئازادیی دەربڕین دەبێ پێویست، یاسایی، هاوسەنگ و گونجاو لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە