سەپاندنی سزای سێ مانگ بەندکران بەسەر ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٤:١٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز کە پێشتریش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزاکان، دادگای شۆڕشی سەقز سزای ئەمجەد ساڵحزادەی بۆ پێبژاردنی سەد و شەست ملیۆن ڕیاڵ گۆڕاوە و ئەو سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

شایەنی باسە کە، ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، دوای بانگکران بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و ڕۆژێک دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو. دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتاکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو (٢٧٢٣) بەڕێوەچوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە